سەردێڕ:

لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستی پێکردەوە

AM:10:10:14/01/2024

4228 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ جارێکی دیکە و دوای راگەیاندنی ساڵنامەیەکی نوێی خوێندن لەلایەن پەروەردەوە، جارێکی دیکە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمەوە دەستی پێکردەوە.


دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەیەکی نوێی خوێندنی بۆ ئەو ناوچانە بڵاوکردەوە کە تاوەکو ئێستا دەوامی قوتابخانەکان تیایاندا دەستی پێنەکردووەتەوە، مامۆستایان جارێکی دیکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەڵێن، "بەبێ هیچ دەستکەوتێک ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن."

بڵاوکردنەوەی ساڵنامەی نوێی خوێندن لەدوای ئەوە هات، کە لە نووسراوێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای هەمواری یاسای بودجەی عێراق، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان دەستپێدەکەنەوە و مامۆستایانی وانەبێژیش دەکەن بە گرێبەست. کە ئەوەش ناڕەزایەتی مامۆستایانی بەدوای خۆیدا هێنا و باس لەوەدەکەن، "حکومەت لە بری چارەسەری کرداری و خێرا، باس لە هەمواری یاسای بودجەی عێراق دەکات."

لە مانگی ٩ی ساڵی رابردووەوە خوێندنی سالی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە هەرێم دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە و چەندین ناوچەی دیکە، بەهۆی دابەشنەکردن و پێنەدانی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و ئاماژە بەوەدەکەن، "ماوەی ١٠ ساڵە لەو دۆخەدان و چیتر بە گیرفانی بەتاڵ و دەروونی نائارامەوە وانەیان پێ ناوترێتەوە."

خوێندکارانی پۆلی ٩ و ١٢ لە هەرێم تاقیکردنەوەی نیشتیمانییان هەیە، کە تەنها پۆلی ١٢ دەستیان بە وانەخوێندن کردووە و تاوەکو ئێستا لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم خوێندکارانی پۆلی ٩ دەوامیان دەستپێنەکردووە، لە هەندێک لە قوتابخانەکانیش خوێندکارانی پۆلی ٩ تەنها دوو وانە دەخوێنن و ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، کە ئەو دوو وانەیەش لە یەک رۆژدا سێ بۆ چوار بابەت بۆ خوێندکاران باس دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار خوێندکار هەن و لەو ژمارەیەش نزیکەی ٧٠٠ هەزاریان دەستیان بە خوێندنی ئەمساڵ نەکردووە، جگە لەوەی لەو ناوچانەی دەوام دەکرێت لە ٣ی ئەم مانگەدا دەست بە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم کرا.

ماوەی چوار مانگە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامە.

لە ١٩ی مانگی ١٠ی ساڵی رابردووشدا، وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، دەبێت یەکشەممەی داهاتوو واتە ٢٢ی ١٠ مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن. بەدوای ئەو لێدوانەی وەزیری پەروەردە خۆپیشاندانی مامۆستایان فراوانتر بوو و خوێندکارانیش هاتنە سەر شەقام و بەدەر لە داواکاری خۆیان کە داوایان لە حکومەت دەکرد مشووری خوێندن و داهاتوویان بخوات، پشتگیری داوای مامۆستاکانیشیان دەکرد.

داواکاری مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ و گرێبەست لە هەرێم ئەوەیە، مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت و دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەش دەستپێبکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە لە هەرێم فەرمانبەران خانەنشین دەبن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە دامەزراندن لە هەرێم راگیراوە، حکومەت نۆ ساڵە شکستی هێناوە لە دابەشکردنی مووچە و لەو نۆ ساڵەدا ٥٩ مووچەی نەداوە یان بە لێبڕین و چارەکە مووچە و پاشەکەوتەوە دابەشی کردووە، ئەگەر مووچەخۆرێکیش مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بێت، لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا ٣٩ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دیناری لای حکومەتە.

لەو ماوەیەدا تا ئێستا چوار مووچەی ساڵی ٢٠١٥ و مووچەیەکی ٢٠١٧ و حەوت مووچەی ٢٠٢٠ و سێ مووچەی ساڵی ٢٠٢٣ـی هەر نەداوە و هێشتا چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ٢٠٢٣ش دیار نییە و حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها زوو زوو دەڵێت، شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا.

لێبڕینی مووچە لە کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەستیپێکرد، کە لەو کابینەیەدا چوار مووچەی ساڵی ٢٠٢٠ و شەش مووچەی ساڵی ٢٠٢١ـی بە لێبڕینەوە دابەشکرد. جگە لەوەی، حکومەت ڕۆژ بە رۆژ لە رێگەی زیادکردنی باج و روسوماتەوە هێندەی تر ژیانی هاوڵاتییانی سەخت کردووە و داهاتی نانەوتی و قاچاخی نەوتیش بۆ حزب و کۆمپانیاکانیان دەبات.













گەلەری