دینار، ئەو دراوەی ماوەی نزیکەی سەدەیەکە هاوڵاتیانى عێراق دەستاودەستى پێدەکەن و هەندێک پێى دەڵێن چڵکى دەستە و بەشێکیش دەڵێن، ماڵى سپییە و بۆ رۆژى رەش باشە، کەواتە ئەم پارە کاغەزە چیە و چۆن دروست دەکرێت و بانکى ناوەندى بەنیازە چی لێ بکات؟
دینار، بە درێژاى تەمەنى لە عێراقدا بە هەڵبەز و دابەزى زۆردا گوزەرى کردووە و سەردەمانێک شانى لە شانى بەنرخترین دراوەکانى جیهان دەدا و لە زەمەنى گەمارۆى ئابورییشدا بووە کاغەزێکى بێ ئەرزشى ئابورى و تەنها لە عێراقدا کارى پێدەکرا.
مێژووی دروستبوونی دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى سییەکانی سەدەی
رابردوو کاتێک بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٢ یەکەم دراوی دینار لەلایەن کۆمپانیای
برادبوری ویڵکینسن لە بەریتانیا چاپکرا.
بەو پێیەى ئەو کاتە عێراق لەژێر ئینتیدابى بەریتانیادا بوو، یاسایەک
دەرکرابوو، بەهای دینار بەسترابووە بە بەهای جونەی ئیستەرلینیەوە، کە بەریتانیا
مامەڵەى پێوەدەکرد، بەهای یەک دیناریش لەو کاتەدا نزیکەی پێنج دۆلار بوو.
بەهاى بەرزى دینار بەم شیوەیە بەردەوام بوو تا کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٨
دواتر پەیوەستبوونی دینار بە جونەییەوە هەڵوەشایەوە و گرێ درا بە بەهای دۆلاری ئەمریکی.
عێراق لە مێژووی دروستبونییەوە تا ئەمرۆ شەش جار بە قۆناغی گۆڕینی
دراودا تێپەڕیوە و دراوەکە لە هەریەکە لە وڵاتەکانی بەریتانیا و سویسرا و چین و
ناوخۆی عێراق چاپکراوە، لە ئێستاشدا دراوەکە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا چاپدەکرێت
و هەندێک دەڵێن کورتهێنانى دینارى هەیە بۆ مامەڵە، بەڵام پارێزگارى بانکى ناوەندى
لە تازەترین لێدواندا دەڵێت، کێشەى پارەیان نیە و هەرکاتێک پێویست بێت دینارى زیاتر
چاپ دەکەن.
پسپۆڕانى بوارکە دەڵێن، بەرهەمێنانی دراوەکەش کارێکی ئاسان نییە و بەشێوەیەکی
ورد لەلایەن کەسانێکی لێهاتوو و ئامێری تایبەتمەند بە دراوەکە چاپ دەکرێت، کاغەزی
دراوەکە لە چەند ماددەیەک پێکدێت کە لەناویاندا کەتان و لۆکە هەیە، وە تێچوی
چاپکردنی یەک کاغەزی دراوەکە چوار بۆ پێنج سەنتی ئەمریکی تێدەچێت ئەوەش بەنزیکەی
هاوتایە لەگەڵ جۆرەکانی دۆلاری ئەمریکی جگە لە 100 دۆلاری کە چاپکردنی هەر 100 دۆلارییەک
نزیکەی 9 سەنتی تیدەچێت.
لە ئێستاشدا
بەهاى دیناری عێراقی بووە بە بابەتێکی گەرمی ناوخۆی وڵاتەکە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە
بەردەوامانەی تێیدا روودەدات بەتایبەتى بەرامبەر دۆلار و پێشبینى کراوە گۆڕانکارى
تێدا بکرێت و لانیکەم دراوى دیکە پاپبکرێت یان بڕێکى زیاترى دینار نوێ بخرێتە بازاڕەوە.