وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە پلانی کشتوکاڵی زستانە لە عێراق زیاتر لە ١١ ملیۆن دۆنم بۆ چاندنی دانەوێڵە و بەروبومی زستان ئامادە کراوە و لە پلاندایە بە شێوازی جۆراوجۆری ئاودێری بدرێت بە جوتیاران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق وردەکاری پلانی کشتوکاڵی زستانەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، زیاتر لە ١١ ملیۆن دۆنم لە پلاندایە و ئامادە کراوە بۆ چاندنی بەروبومی زستانە و گەنم و جۆ لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەکرد، لە رۆژی ١٠ـی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەست
دەکرێت بە دابەشکردنی تۆو لە لایەن کۆمپانیای
بەرهەمهێنانی تۆوی میزۆپۆتامیا وعێراق لە ناوەندە جیاوازەکانی عێراق بۆ چاندنی گەنم.
ئەوەشی خستەڕوو،
پلانی کشتوکاڵی زستانە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، بە هەماهەنگی
لە نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆری
ئاودێری (باران، بیر، و ئاوی ژێر زەوی).
ئەمەش لە کاتێکدایە
وەزارەتی کشتوکاڵ لە مانگی ئەیلول رایگەیاندبوو، وەزارەت کاردەکات بۆ ئەوەی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە رێگەی بەکارهێنانی
سیستەمی ئاودێری مۆدێرن گەشە بە کەرتی کشتوکاڵ بدات.