سەردێڕ:

فەرەنسا: لە ئۆکرانیا چەک بەرهەم دەهێنین

PM:10:22:29/09/2023

4412 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری فەرەنسا رایگەیاند، دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانی چەک لە ئۆکرانیادا و وتیشی، "هێرشی پێچەوانە ئاسان نییە و پێویستمان بە خۆڕاگری زیاترە."


رۆژی پێنجشەممە، سباستیان لکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا و شاندێکی یاوەری سەردانی ئۆکرانیایان کرد و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هێرشی پێچەوانە بە درێژایی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر کاتی دەوێت و وتیشی، "ئۆکرانیا پێویستی بە ئارامگرتن و متمانە و بەرگەگرتن هەیە."

لە میانی کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی باس لە هێرشە پێچەوانەکانی سوپای ئۆکرانیا کرا و شێوازی هاوکارییەکانی فەرەنسا بۆ ئەو وڵاتە خرایەڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگری فەرەنسا بە سەرۆکی ئۆکرانیای راگەیاند، بەهۆی دووری نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیا هاوکارییە سەربازییەکان کاتیان دەوێت بۆ گەیشتن بەو وڵاتە بۆیە فەرەنسا دەیەوێت لەناوخۆی ئۆکرانیادا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چەک بکاتەوە تاوەکو بتوانێت باشتر هاوکاری کیێڤ بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەردەوامن لەپاڵپشتییەکانیان بۆ ئۆکرانیا و لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام بوون لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ سوپای ئۆکرانیا.













گەلەری