سەردێڕ:

بانکی نێودەوڵەتی؛ سێ ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی بۆ عێراق دەنێرێت

AM:11:26:25/09/2023

2600 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بڕی سێ ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ رووبەرووبونەوەی وشکەساڵی دەنێرن.


رۆژی دووشەممە، ریچارد عەبدولنور نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بانکی نێودەوڵەتی بڕی سێ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری و پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی تەرخانکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییەکە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاو لە عێراق و بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری هاوچەرخ و ئاسایشی بەنداوەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە مرۆییە بکرێت کە لە لیبیا ڕوویدا.

باسی لەوەشکرد، عێراق ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆچی ناوخۆ دروستدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی پەیوەست بە کەمی ئاو خێراتر بکات.

لای خۆشیەوە مایکل مولینیکس سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە عێراق رایگەیاند، سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاری وەک یارمەتی بۆ بەردەوامی ئاو و پڕۆژەکانی عێراق دابینکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، عێراق پێویستی بە ٣٦ بەنداو هەیە بۆ گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کێشەکانی کەم ئاوی.













گەلەری