سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: روسیا رێگرە لەبەردەم پرۆسەی ئاشتەوایی جیهان و هەموو ئەو ڕێکەوتنانەی بۆ بەرقەراربونی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا واژۆکرابوون پێشێلی کردوون.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، وڵاتانی دنیا دەیانەوێت جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کۆتایی پێ بێت، بەڵام روسیا رێگرە لە بەرقەراربوونی ئاشتی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆکرانییەکان لە پێناو خاک و نیشتیمان
و دیموکراسیدا دەجەنگن، دەبێت جیهان هاوکاریان بکات چونکە پارێزگاریکردن لە ئۆکرانیا
پارێزگاریکردنە لە هەموو جیهان و کۆتایی ئۆکرانیا کۆتایی ئاسایشی هەموو گەلانی جیهانە.
بایدن، نیگەرانی خۆی لەسەر بێباکی روسیا دەربڕی و وتی،
"روسیا رێز لە هیچ وڵاتێک و رێکەوتنێک ناگرێت، بەڵام دەبێت هەموومان کار بۆ سەرکەوتنی
دیموکراسی و بەرقەرارکردنی ئاشتی بکەین، ڕێگای نوێ بدۆزینەوە بۆ لێکتێگەیشتن و سەرکەوتن
بەسەر ناکۆکییەکانی نێوانمان، چونکە هەموومان بەرپرسین لەوەی کە دەیکەین، لە کۆتایدا
مێژوو لێپێچینەوە لە یەک بەیەکمان دەکات"
ئەمەش لەکاتێکدایە لە ٢٤ شوباتی ساڵی رابردووەوە جەنگی
روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەمریکا هاوپەیمانێتی خۆی
بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەو بەدرێژایی جەنگەکەش ئەمریکا هاوکاری سەربازی و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا
ناردووە.