PM:06:09:16/09/2023
3744 جار خوێندراوەتەوە
حکومەتی عێراقی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردوە بە زووترین کات کۆتایی بە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی رێکخراوی داعش بهێنێت و ئەنجامەکانی رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ئەو کەس و لایەنانە دەستگیربکات کە پشتیوانیان لەو رێکخراوە چەکدارییە کردووە.
ڕۆژنامەی ڤیگۆر تایمزی هیندی بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا داوایەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە و تێیدا هاتووە، عێراق داوا دەکات لە ماوەی ساڵێکدا کۆتایی بە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی تاوانەکانی داعش بهێنرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیشی رادەست بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتدارانی عێراق داوا دەکەن لێکۆڵینەوەکان تەواو
بکرێن و دۆسیەکان ڕادەست بکرێن بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەنجامەکانییەوە، ئەو کەسانە
دەستگیربکەن کە بەشدارن لە پشتیوانیکردنی رێکخراوە چەکدارییەکە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تاوانەکانی جینۆساید
و دروستکردنی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش ناوی ئەو کەس و
لایەنانەی تێدایە کە هاوکاری رێکخراوی داعشیان کردوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی
٢٠١٧ لەسەر داواکارییەکی فەرمی حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد بۆ
ئاشکراکردنی ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە سپۆنسەری ئەو ڕێکخراوە چەکدارییەیان
کردووە و بەشدارییان کردووە لە کۆنترۆڵکردنی چەند بەشێکی خاکی عێراق لە ساڵی
٢٠١٤دا.