لە مزگەوتێکی وڵاتی جەزائیر بەرپرسێکی گروپی چەکداری ڤاگنەر دەرکەوتووە، کە لە دوای یاخی بونی ئەو گروپە چەکدارییەوە بێسەروشوێنە، ئەو بەرپرسە کەسایەتییەکی نزیکی پریگۆژینە و لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا بە هەماهەنگی کاریان کردوە.
ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئای" بڵاویکردەوە، فەرماندەیەکی پێشووی هێزی ئاسمانی روسیای پەیوەندیدار بە ڤاگنەر کە ناوی جەنەڕاڵ سێرجی سورۆڤەکینە، لە جەزائیر دەرکەوتووە.
پێش رۆژێک لە تێکشكانی فڕۆکە تایبەتییەکەی یەڤگینی پریگۆژینی فەرماندەی گروپی
چەکداری ڤاگنەر، سێرجی سورۆڤەکین لە پۆستەکەی دورخرایەوە، فەرماندەی ڤاگنەر و
سورۆڤەکین دوو کەسایەتی نزیک بوون لە یەکدی و پێکەوە بەشدارییان لە جەنگەکانی
روسیا دژ بە ئۆکرانیا کردوە.
لە مانگی حوزەیران کاتێک یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی ڤاگنەر لە کۆشکی
سەرۆکایەتی روسیا لەسەر بابەتی پڕچەککردن و پلانەکانی جەنگی ئۆکرانیا یاخی بوو،
سێرجی سورۆڤەکین بێسەروشوێن بوو و دەوترا لەلایەن روسیاوە دەستگیرکراوە.
بەڵام چەند وێنەیەکی ئەو بەرپرسەی ڤاگنەر لەجەزائیر گیراوە، هۆکاری
سەردانەکەشی بۆ ئەو وڵاتە ئاشکرا نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت لە هۆڵێکدایە و لێدوان
بۆ چەند میدیاکارێک دەدات.
لە وێنەیەکی دیکەدا، سورۆڤەکین لە مزگەوتی عەبدولحەمید بن بادیس لە شاری
وەهرانی رۆژئاوای جەزائیر دەردەکەوێت و قورئانی پێ نیشاندەدرێت.
پێشتریش لە رێکەوتی ٥ی مانگی ئەیلول، کسینیا سۆبچاک رۆژنامەنوسی روسی، چەند
وێنەیەکی سێرجی سورۆڤەکین جەنەڕالی روسیا بڵاوکردەوە، وا دەرکەوتبو لە
تەندروستییەکی باشدایە و لەگەڵ خێزاناکەیەکی لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا.
کاتێک وێنەکانی سوروڤەکین نیشانی دیمێتی پیسکۆف وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی
روسیا "کرملن" درا وتی، "مەحاڵە ئەو کەسە بە ئازادی لە روسیا بسوڕێتەوە."