سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا بە بڕی ٣٧٠ ملیۆن دۆلار سزای تیک تۆک دەدات

PM:09:24:15/09/2023

2764 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی پاراستنی زانیارییەکان سەر بە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بە بڕی ٣٧٠ ملیۆن دۆلار بەهۆی پێشێلکردنی پاراستنی نهێنی سزای بەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک دا سەپاند.


کۆمسیۆنی پاراستنی زانیارییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆکدا سەپاندوە، ئەویش بەهۆی پێشێلکردنی یاسای پاراستنی نهێنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی سزاکە دەبێت تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک بە بڕی ٣٧٠ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی پێشێلکردنی ئەو یاسایە بدات و لەماوەی سێ مانگدا گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. لە ئێستادا تیک تۆک چارەسەری ئەو کێشانەی کردوە، بەڵام سزاکە دەگەرێتەوە بۆ ماوەی پێش چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی تایبەتمەندییەکانی تیک تۆک.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی کۆمسیۆنی پاراستنی نهێنی یەکێتی ئەوروپا، بەوپێیەی تیک تۆک تایبەتمەندی دانانی هەژماری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە پۆلێنبەندی ستانداردی "گشتیدا" داناوە و یاساکانی پاراستنی نهێنی پێشێلکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سزای بەسەردا سەپێندرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەتمەندییەکانی بۆ بەکارهێنەرانی توندتر کردەوە و لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ دا رێکارەکانی بەکارهێنەرانی خوار تەمەنی یاسایی لە گشتییەوە گۆڕی بۆ تایبەت.













گەلەری