سەردێڕ:

ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسی ئازادکردنی زیندانییەکان و پارە بلۆک کراوەکان رێککەوتن ئەنجام دەدەن

AM:11:41:14/09/2023

2796 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی میدیا جیهانیەکان پێدەچێت دووشەممە داهاتوو ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ئازادکردنی زیندانیکراوان و پارە بلۆک کراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور رێککەوتن ئەنجام بدەن.


رۆژی چوارشەممە، میدیا جیهانیەکان بڵاویان کردەوە؛ ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە قۆناغی کۆتاییدایە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو کۆتایی پێبێت، هاوکات ئازادکردنی ئەو پارە بلۆک کراوانەی ئێران لە کۆریای باشورەوە دەگوازرێنەوە بۆ قەتەر.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران پێنج زیندانی ئەمریکی ئازاد دەکات لەبەرامبەر ئازادکردنی پێنج زیندانی ئێرانی لە ئەمریکا و پارە بلۆک کراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوورەوە دەگوازرێنەوە بۆ قەتەر. ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا وادەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دیاری نەکراوە، بەڵام پێدەچێت دووشەممەی داهاتوو بێت، واتە ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هاوکات جۆن کیربی ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەو پارانەی ئێران کە لە کۆریای باشوور بلۆککراون دەگوازرێتەوە بۆ قەتەر، لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی یاسایی زیاتر دەبێت.

باسی لەوەشکرد، ئازادکردنی ئەو پارەیە مانای لابردنی سزاکانی سەر تاران نییە کە هیچ یارمەتییەک وەرناگرێت.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مۆڵەتی گواستنەوەی شەش ملیار دۆلاری پارەی بەستووی ئێرانی لە کۆریای باشوورەوە بۆ هەژمارەکانی قەتەر واژۆ کردووە.












گەلەری