شارەزایەکی بواری ئابوری بە ئێن ئاڕتی راگەیاند؛ ئەمریکا دەیەوێت لە کۆتایی ئەمساڵدا شەش بانکی عێراق سزا بدات کە یەکێک لەو بانکانە حکومییە بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی تورکیا و ئێران و ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دروست دەکات.
رۆژی سێشەممە، حەیدەر شێخ شارەزای ئابوری لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕتیدا رایگەیاند؛ پێشتر ئەمریکا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقیدا سەپاند بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵیشدا شەش بانکی دیکە سزا بدرێن کە یەکێکیان بانکێکی حکومییە.
لەسەر پرسی دابەشکردنی موچە و هاتنی پارە لە بەغداوە ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەکانی هەرێم و بەغدا ئێستا
بوون بە ململانێی سیاسی و کێشەی حزبی و بەهۆی نزیکی لە هەڵبژاردنەکان پێم وایە
حکومەتی هەرێم و بەغدا ناگەن بە ئامانجێکی دیاریکراو."
لای خۆشیەوە کامەران قادر پسپۆڕی بواری دارایی و ئابوری لە بەرنامەی
تاوتوێی ئێن ئاڕتیدا باسی لەوەکرد؛ لە دوای مانگی ١١وە هاوسەنگی راگرتنی دۆلار لە
دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدا نەماوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها چارەسەر بۆ دابەزینی بەهای دۆلار ئەوەیە محەمەد
شیاع سودانی سەردانی ئەمریکا بکات بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پرسی لابردن یان کەمکردنەوەی
مەرجەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق.
هەر ئەمڕۆ، ئەلینا رۆمانۆسکی
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیاندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکردووە،
یاریدەدری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی بانکی
ناوەندیدا کۆدەبێتەوە.