فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سودان کە سەرۆکی ئەو وڵاتەشە رایگەیاند: بڕیاری دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی پشتیوانی خێرا جێبەجێدەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سودان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، فەرمانی دەستووری بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەرکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی
سودان پێویستە لەسەریان ئەو بڕیارە جێبەجێبکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕیارە بە پشت بەستن
بەو کارانەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجامیان داوە دەرچووە، وەک یاخیبوون لە دەوڵەت
و پێشێلکاری بەرامبەر هاوڵاتیان و تێکدانی ژێرخانی وڵات و هەروەها پێشێلکردنی
ئامانج و ئەرک و بنەماکانی دامەزراندنیان لە یاسای هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان
رایگەیاند؛ بەهۆی ململانێ چەکدارییەکانی ناوخۆی سودانەوە زیاتر لە چوار ملیۆن کەس
ئاوارە بوون و نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ لە کەسوکاریان دوورخراونەتەوە.
لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕی ناوخۆ لەنێوان
سوپای سودان و هێزی پاڵپشتی خێرادا دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی پێنج هەزار کەس
گیانیان لەدەستداوە و چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.