سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆئۆکرانیا بۆ ئێن ئاڕ تی دەدوێت

PM:03:07:06/09/2023

4792 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەر لە سەردانەکەی بۆ ئۆکرانیا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی دانیمارک کۆبووەتەوە و تاوتوێی پێدانی فڕۆکەی ئێف ١٦یان بە ئۆکرانیا کردووە.


رۆژی چوارشەممە، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەر لەسەردانەکەی بۆ ئۆکرانیا لەگەڵ میت فرێدریکسن سەرۆک وەزیرانی دانیمارک کۆبووەتەوە و جەختییان لەسەر گرنگی هاوپەیمانی ئەمریکا و دانیمارک کردووەتەوە بۆ ئاسایشی دەریای ئەتڵەسی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا و دانیمارک پەیوەندییەکی قوڵی هاوبەشیان هەیە لە بەها دیموکراسییەکان و رێگاکانی پێشخستنی پەیوەندییەکانیان.

لەبارەی ئۆکرانیاشەوە، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئێن ئاڕ تی وت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی دانیمارک باسیان لە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا کردووە. دەشڵێت، "ئەمریکا پێزانینی خۆی گەیاندووەتە دانیمارک لەپای ئەنجامدانی راهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان و ئامادەکردنیان بۆ جەنگ".

ئەوەشی خستەڕوو، بلینکن و فرێدریکسن لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پێدانی فڕۆکەی ئێف ١٦ یان بە ئۆکرانیا کردووە.

ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێک گەشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و بە بری ١ ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی ئەمریکای بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند.













گەلەری