فەرماندەی هێزەکانی پاڵپشتی خێرای سودان رایگەیاند؛ شەڕی ناوخۆی وڵات بەمزوانە کۆتایی دێت. دەشڵێت، "ئێمە دەستمان بە جەنگ نەکردووە".
رۆژی دووشەممە، محەمەد حەمدان دەلقو فەرماندەی هێزەکانی پاڵپشتی خێرای سودان لە پەیامێکی دەنگیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی سوپای سودان رەتیکردووەتەوە هێزەکانی پاڵپشتی خێرا ببنە بەشێک لە سوپا.
باسی لەوەشکردووە، سوپای سودان ناوی
هێزی پاڵپشتی خێرای وەک خیانەتکار هێناوە
لە کاتێکدا ئەوان دەستیان بە شەڕی ناوخۆ نەکردووە بەڵکو پارێزگارییان لە خۆیان
کردووە.
محەمەد حەمدان دەلقو فەرماندەی هێزەکانی پاڵپشتی خێرای سودان دەشڵێت، "ئێمە هیچ ویستێکمان نییە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە سوداندا بەڵام تا یەک چەکدارمان مابێت بەرگری لە خۆمان و سودان دەکەین."
هاوکات، هێزی پاڵپشتی خێرا لە
راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە شاری خەرتوومی پایتەختی سودان فڕۆکەیەکی
سوپای سودانیان لە جۆری ئەنتونوف خستووتەخوارەوە.
پێشتریش، سەرۆکی سوپاسی
سودان رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ هێزی پاڵپشتی خێرادا ناکەن و نایانکەن بە بەشێک
لە سوپا.
لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕی ناوخۆ
لەنێوان سوپای سودان و هێزی پاڵپشتی خێرادا دەستیپێکردووە و تا ئێستا نزیکەی پێنج
هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.