سەردێڕ:

روسیا بەنیازە لەجێی ئۆکرانیا دانەوێڵەی خۆی ساغبکاتەوە

PM:08:23:30/08/2023

2460 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە تورکیا و روسیا تاوتوێی پێشنیازی هەناردەکردنی دانەوێڵەی روسی بۆ وڵاتە هەژارەکان بکەن ئەویش بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک لە بری هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانی لە دەریای رەش.


رۆژی چوارشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند: لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆدەبنەوە و تاوتوێی پێشنیارێکی روسیا دەکەن بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی روسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازەکەی روسیا بریتییە لە هەناردەکردنی یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵە بە نرخێکی کەمتر بۆ تورکیا بە هاوکاری دارایی قەتەر بۆ ئەوەی لە تورکیاوە رێکبخرێت و هەناردەی ئەو وڵاتانە بکرێت کە پێویستیانە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پرۆسەیە دەبێتە باشترین جێگرەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بە دەریای رەشدا.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: وڵاتەکەی بەنیازە ئەو دانەوێڵەی لە روسیاوە هاوردە دەکریت بگۆڕێت بۆ ئارد و دواتر هەناردەی وڵاتانی ئەفریقای بکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕووسیا مانگی ڕابردوو کشایەوە لە رێکەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە بە دەریای رەشدا سەرەرای شەڕ و ململانێکانی لەگەڵ ئۆکرانیا.













گەلەری