وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ئێستادا هیچ سامانێکی ئێران بە سڕکراوی نەماوەتەوە و رازی نابن بە رێککەوتنی خۆراک بە نەوت و وتەبێژەکەشی دەلێت، "دوای رادەستکردنی دیلەکان لەوانەیە لەگەڵ ئەمریکا لێکتێگەیشتنی نوێمان هەبێت."
ئەمیر عەبدولئیلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پارە سڕکراوەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی بۆ کڕینی کاڵا و دابینکردنی خزمەتگوزاری حکومی بەکاردەهێنن و رێککەوتنی خۆراک بە نەوت رەتدەکەنەوە و لە ئێستادا هیچ سامانێکی ئێران بە سڕکراوی نەماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سامانە گەرێندراوەکانی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراق
دانراوە و لەلایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە کۆنتڕۆڵدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند،
دوای رادەستکردنی دیلەکان لەگەڵ ئەمریکا لە بەدواداچوون بەردەوام دەبن و دەکرێت
بگەنە لێکتێگەیشتنی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئێران دبلۆماسیانە کاردەکات بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی
لەسەریەتی و هەوڵدەدات کەشتی هەڵگری نەوت کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا لە نزیک
ڤەنزوێلا دەستی بەسەردا گیراوە ئازاد بکات.
لە ماوەی رابردوو ئەمریکا و ئێران رێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی پارە
سڕکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور و عێراق لە بەرامبەردا چەند دیلێکی ئەمریکی لە
ئێران ئازاد دەکرێن.