وڵاتانی پۆڵەندا و سلۆڤاکیا و بولگاریا و هەنگاریا و ڕۆمانیا داوا لە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەکەن قەدەغەکردنی هاوردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانییان تا کۆتایی ئەمساڵ لەسەر درێژ بکرێتەوە.
ڕۆبەرت تێلیۆس وەزیری کشتوکاڵ و گەشەپێدانی پۆڵەندا ڕایگەیاند: لە کۆبونەوەیەک نێوان وەزیرانی پێنج وڵاتی هاوسنوری ئۆکرانیا گەشتوون بە رێکەوتنێک کە خۆی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە یەکێکیان بریتییە لە زیادکردنی باجی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ڕێگەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵەکانی دیکەش بریتین لە پابەندبوون بە راگرتنی هاوردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا
تا کۆتایی ئەمساڵ و لیستی هەناردەی
بەرهەمە راگیراوەکان تایبەت بە بەرهەمێک نەبێت واتە هەندێک بەرهەمی دیاریکراوی وەک
توو یان ڕۆنی گوڵەپەرۆژە بۆ زیادبکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە مانگی
کانونی دووەم تا مانگی ئاب نزیکەی ١٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکرانی لە پۆڵەنداوە هەناردە
کراوە، لە مانگی نیسان تا مانگی ئابیش تەنیا نزیکەی شەش ملیۆن تۆن دانەوێڵەی دیکە
هەناردە کراوە.
باسی لەوەشکرد، لە سەرەتای
ئەمساڵەوە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە ئۆکرانیا هاوردەی پۆڵەندا کراوە و لە
مانگی حوزەیرانەوە هاوردەی دانەوێلەی ئۆکرانی بۆ پۆڵەندا وەستاوە.
پێشتر کۆمسیۆنی یەکێتی
ئەوروپا بڕیاریدابوو چەند رێکارێک لە هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئۆکرانی لەسەر
وڵاتانی پۆڵەندا و سلۆڤاکیا و بوڵگاریا و رۆمانیا بگرێتە بەر چونکە بەرهەمی ناوخۆی
ئەو وڵاتانە لەکاتی بوونی بەرهەمی ئۆکرانی کێشەی لۆجستییان بۆ دروست دەبێت.