PM:04:49:24/08/2023
3112 جار خوێندراوەتەوە
سەرباری هەموو ئەو رێوشوێن و رێکارانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ سنووردارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی دەیگرێتە بەر، ژمارەی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتە کردووە گەیشتووەتە بەرزترین رێژەی چەندین دەیەی رابردوو و لە ئێستادا ١٧٥ هەزار کۆچبەر چاوەڕێی وەڵامدانەوەی داواکاری مافی پەنابەرێتین.
بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە کۆتایی مانگی حوزەیران ژمارەی ئەو کەسانەی زیاتر لە شەش مانگە چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەی کەیسی پەنابەرێتی تایبەت بە خۆیانن گەیشتووەتە ١٣٩ هەزار کەیس و بەراورد بە رێژەی ناوەندی ساڵانی رابردوو ٥٧٪ زیادیکردووە.
پرسی کۆچبەر و پەنابەران لە وڵاتی بەریتانیا هەمیشە بابەتی گەرم و گرنگی
حکومەتەکانی ئەو وڵاتە بووە. تەنانەت ئەو پرسە یەکێک بوو لە هۆکار و پاڵنەرە سەرەکیەکانی
دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.
سەرباری بەڵێنی حکومەتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کۆچبەر
و پەنابەران، بەڵام بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە رێژەی کەیسی پەنابەری
لەو وڵاتە هیچکات بە ئەندازەی ئێستا بەرز نەبووە.