سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق؛ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

PM:04:11:22/08/2023

22056 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند؛ لەدوای نۆژەنکردنەوەی هێلی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە.


وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپ ئەرسەلان وەزیری سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت کۆبوونەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی دۆسییە هاوبەشە هەرێمییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە دوای نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات زیانیان بەرکەوت کرا.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لیژنەی ئابوریی تورکیا و عێراق کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون بڕیاریاندا کۆبوونەوەی ١٩هەمین ئەنجامبدەن و بەم زووانە وادەکەشی دیاری دەکەن.

لە رێکەوتی ٢٤ی ئازاری ئەمساڵ ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بڕیاری لەسەر دۆسیەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دا و بڕیارەکە لە بەرژەوەندی عێراق بوو دواتر بە نوسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.

تورکیا شەش مەرجی لەسەر عێراق داناوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە دیارترینیان داشکاندنی نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکە بە بڕی ١٣ دۆلار و ڕاگرتنی رێککەوتنی غاز بەرامبەر نەوتی نێوان عێراق و ئێرانە، مەرجێکی دیکەش دابینکردنی خەرجی چاککردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی تورکیایە.


 













گەلەری