سەردێڕ:

کەی بەغدا پارەی موچەی هەرێم دەنێرێت؟

PM:04:31:19/08/2023

36460 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند: بەغدا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵام بەهۆی چەند رێکارێکی پێداچوونەوەوە ناردنی پشکی هەرێم دواکەوتووە. دەشڵێت، "رەنگە لەگەڵ دەستپێکی دەوامدا یەکەم گوژمەی پشکی هەرێم بنێردرێت."


بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە شاندی دانوستانکاری هەرێم بچێتەوە بەغدا و چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، وەزارەتی دارایی پێداچوونەوەی بۆ ئەو ڕاپۆرتانە کردووە کە شاندی دانوستانکاریی بەغدا لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی هەرێم پێی داون.

 

چاوگەکە ئەوەشی خستەڕوو، تەنها ئەوە ماوە کە وەزارەتی دارایی دووبارە بەو ڕاپۆرتانەدا بچێتەوە و ئەگەر پرسیارێکیان لەبارەیەوە هەبوو دەبێت شاندی هەرێم ڕوونکردنەوەی لەبارەوە بدات و دواتر ڕەزامەندی دەدریت بۆ ناردنی گوژمەی یەکەمی پشکی هەرێم.

چاوگەکەی وەزارەتی دارایی عێراق وتیشی، ئەگەر پێداچوونەوەکان کێشەیان تێکەوت بەغدا لەجیاتی پشکی هەرێم تەنها پارەی موچە دەنێرێت و کێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروست نابێت.

لە ١٦ـی حوزەیران رۆژنامەی فەرمی عێراق یاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـی بڵاوکردەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەشەوە شاندی هەرێم بە بەردەوام سەردانی بەغدا دەکات بۆ دانوستان لەسەر پشکی هەرێم.

یاسای بودجە، بودجەی سێ ساڵی عێراق لەخۆدەگرێت و بڕی تەرخانکراو بۆ بودجەی هەر ساڵێک نزیکەی ١٩٩ ترلیۆن دینارە و لەو بەشەش ١٦ ترلیۆن دیناریشی پشکی هەرێمە.


 گۆران عەبدوڵا- بەغدا 













گەلەری