ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین رایگەیاند، نرخی كرێی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا)ی بە سیستەمی (ئێواران و پارالێڵ) لە گشت بەشەکانی زانکۆ بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢) دیاریکردووە و کرێی خوێندنیش لە یەک ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین، بۆ ئەمساڵ پرۆسەی خوێندنی پاڕاڵێڵ بۆ قۆناغەکانی بەکالیۆریۆس و ماستەر دەستپێدەکات و تیایدا چەند بەشێک لەخۆی دەگرێت.
هاوکات، لەروونکردنەوەیەکیشدا، ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین لەبارەی کرێی
نرخی خوێندنی پاراڵێڵەوە ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم نرخانە پێش داشکاندنە، واتا ئەو
کرێیەی کە دەدرێت ٤٥% کەمتر دەبێت لەو نرخانەی کە لە لیستەکەدا دیاریکراون".
ئەوەش هاتووە، "رێژەی لە(٤٥%)ی داشكاندن بۆ خوێندكارانی قۆناغەكانی
(دوو، سێ، چوار)ی سەرجەم كۆلێژو بەشەكانە، لەپارالێڵ و ئێواران".
هاوکات سەبارەت بەقۆناغی یەكەم لەروونکردنەوەکەی زانکۆی راپەڕیندا
هاتووە، "تائێستا هیچ رێنماییەك بۆ بڕی داشكاندنی كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران
نەهاتووە بۆ زانكۆمان و هەر كاتێك هات كۆی بڕی داشكاندنی قۆناغی یەك بۆ ساڵی خوێندنی
(٢٠٢١ - ٢٠٢٢) بڵاودەكرێتەوە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت، زانکۆی هەڵەبجە وەک یەکەم زانکۆی هەرێم دەستی بە
پرۆسەی خوێندن کردەوە و پێشتریش سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند،
"تا کۆتایی ئەم مانگە، بڕیار لەدەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەزانکۆی سلێمانی
دەدەن".