بانکی رافیدەین وردەکاریەکانی پێدانى پێشینەى خانووبەرە و مەرجەکانى وەرگرتنى راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکى رافیدەین راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا، پارەی قەرزی خانووبەرە بەمەبەستی نۆژەن کردنەوە، یاخود درووست کردنى خانوو یان کڕینی زەوی بەپێی چەند مەرجێک ئاشکرا کردووە.
بانکى رافیدەین لە راگەیەندراوەکەیدا بە خاڵ ئەو
مەرجانەى ئاشکرا کردووە کە بریتین لە:
١- زۆرترین قەرز ١٥٠ ملیۆن دینارە و بۆ ئەم مەبەستانەیە:
أ- لە ٥٠ ملیۆن تاکو ٧٥ ملیۆن دینار بۆ کڕینی زەوی.
ب- لە ١٥ ملیۆنەوە بۆ ٧٥ ملیۆن دینار بۆ نۆژەن کردنەوە
وەردەگیرێت.
ج- لە ٥٠ ملیۆن بۆ ١٥٠ ملیۆن بۆ کڕینی خانوو وەردەگیرێت.
٢- سوو بە رێژەی ٦٪ لەکاتى گەڕانەوەى قەرزەکە دەدرێتەوە بە بانکەکە.
٣- ماوەی قەرزەکە ١٥ ساڵە.
٤- دڵنیایی قەرزەکە بەم شێوەیە دەبێت:
أ- ئەو فەرمانبەرانەی موچەکانیان جێگیرە لەلای بانکی رافیدەین
بە ماستەرکارد وەری دەگرن و قەواڵەی خانووبەرە دەدەن بە رەهن بە بانکەکە رەهنێکی
دڵنیایی پلەیەک (گوژمەی قەرزەکە + ٢٥٪).
ب- هاووڵاتیان پێویستە دەستەبەر (کەفیل) بهێنن کە موچەکەی لە بانکی رافیدەین
جێگیر کرابێت و قەواڵەی خانووبەرەیەک پێشکەش بکات لە پلەی یەکەم.
ج- ئەو خانەنشینانەی کە تەمەنیان لە چوارچێوەى تەمەنی
دڵنیاییدایە لەکاتی تەواوبوونی قەرزەکە.
د- دڵنیایی بە ماستەرکارد و پێشکەش کردنی قەواڵەیەکی خانووبەرە
دەبێت بۆ بانکەکە کە بارمتەیەکى دڵنیایی بکرێت لە پلەی یەکەم (گوژمەی قەرزەکە + ٢٥٪).
ه- ئەوانەش کە تەمەنیان لە دڵنیایی تێپەڕیوە پێش ماوەی قەرزەکە
پێویستە دەستەبەرێک (کەفیلێک) پەیدا بکەن کە موچەکەی لەلای بانکەکە جێگیر کرابێت و قەواڵەیەکی
خانووبەرە پێشکەش بکەن کە بۆ بانکەکە بە بارمتە بکرێت بەشێوەیەکی دڵنیایی لە پلەی یەکەم
(گوژمەی قەرزەکە + ٢٥٪).
ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەى نۆ ساڵ زیاترە پێدانى
پێشینەى خانووبەرە لە هەرێمى کوردستان راگیراوە و چەند جارێکیش داوا لە هەریەک لە
بانکەکانى رافیدەین و رەشیدى عێراق کراوە لقى بانکەکانیان لە هەرێمى کوردستان
بکەنەوە، بەڵام بە بیانوى ئەوەى موڵکەکانى ئەو بانکانە لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى
کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى یەکێتى و پارتی یەوە داگیرکراوە و ئامادەنین
پێیان بدرێتەوە، ئەوانیش ناتوانن بڕیارى کردنەوەى لقەکانیان بدەن.
لەچەند رۆژى رابردووشدا، وتەبێژى فراکسیۆنى نەوەى
نوێ لە پەرلەمانى عێراق، بە بەڵگە چەندین نوسراوى ئەو بانکانەى بڵاوکردەوە، کە
لەماوەکانى رابردوودا داوایان لە حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم کردووە، مامەڵەى پێدانەوەى
موڵەکانیان جێبەجێ بکات.