بانکی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی پارەدارکردنی بازرگانە بچووکەکان لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە نابێت بەڵکوو پرۆسەکە راستەوخۆ لەڕێگەی هەژمارێکی بانکەکەوە دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەقیل شوەیلی بەرپرسی راگەیاندنی بانکی بازرگانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکرد، بازرگانە بچووکەکان دەتوانن لەڕێگەی دروستکردنی هەژمارێکەوە لە بانکی بازرگانی تا بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی دۆلار بە قەرز وەربگرن.
وتیشی،
هیچ بڕە پارەیەک راستەوخۆ نادرێتە دەست بازرگانەکان و پارەکە لە هەژماری بانکی
بازرگانییەوە ڕەوانەی هەژماری بانکێک دەکرێت لەو وڵاتەی بازرگانەکە کاڵای لێ کرێوە
و لەوێشەوە ڕاستەوخۆ بۆ ئەو شوێنەی کاڵاکەی لێ کڕیوە.
ئەمەش
دوای ئەوەدێت، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی
عێراقی ڕاگەیاند، بازرگانە بچووکەکان ژمارەیان زیاترە لە چالاکییەکانی بازاڕی
بازرگانی و هاوردەکردن و ٦٠٪ی پێویستییەکانی بازاڕ لەلایەن ئەوانەوە دابین دەکرێت.
ئاماژەی
بەوەکرد، لە پێناو کردنەوەی ئەڵقەی بازرگانی داهێنەرانە بۆ پارەدارکردنی بازرگانی
دەرەکی، بانکی بازرگانی عێراق بە فراوانی کار لەسەر دابین کردنی قەرز بۆ بازرگانە
بچووکەکان دەکات و دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ دەفرۆشێت ئەویش لە چوارچێوەیەکە کە
دووربێت لە قۆرخکاری.
ماوەیەک
لەمەوبەر ١٤ بانکی عێراقی مامەڵەی دۆلاریان لێ قەدەغەکرا و دوای بڵابوونەوەی ئەو
هەواڵە نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ سەرووی ١٥٥ هەزار بەرزبووەوە.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، گفتووگۆی لەگەڵ
بانکی ناوەندی و عێراق کردووە و بانکی ناوەندی ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و هیچ
بانکێکی عێراق سزا نەدراوە.
لەدوای
وتەکەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق نرخی دۆلار بەشێوەی زنجیرەیی نزم دەبووەوە و ئێستا
نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٠ هەزار و ٢٥٠ دینارە.