AM:11:52:28/07/2023
2576 جار خوێندراوەتەوە
پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئەو بازرگانانەی لە دەرەوەی سەکۆی ئەلکترۆنین پەنا بۆ دۆلاری کاش دەبەن کە بۆ پێویستی هاوڵاتیان دابینکراوە و ئەوەش نرخی دۆلاری بەرزکردووەتەوە و ساڵانە بە بڕی ٦٠ ملیار دۆلار کەلوپەل هاوردەی عێراق دەکرێت و ئەو بڕە دۆلارەش هاوتای رێژەی فرۆشی دۆلاری بانکی ناوەندی نییە.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بە میدیای "العراقیة"ی راگەیاند، پڕۆژەی سەکۆی ئەلکترۆنی بۆ دابینکردنی خواستی دراوی بیانی هاوڵاتیانە بە شێوەیەکی سەلامەت و پێشوەختە وردبینی بۆ کاروباری ئاڵوگۆری دراو و حەواڵەی پارە دەکرێت تاوەکو هیچ لایەنێک تووشی کێشە نەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی
دۆلاری فرۆشراو لە بانکی ناوەندی ٩٠٪ی بە شێوەی حەواڵەیە و نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک
بە ١٣٢ هەزار دینارە و ئەوەش نرخی فەرمییە و ١٠٪ی دیکەی دۆلاری فرۆشراوی بانکی
ناوەندی تایبەتە بە خواستی دراوی کاشی هاوڵاتیان.
باسی لەوەشکرد، بازرگانەکانی
دەرەوەی سەکۆی ئەلکترۆنی پەنا بۆ ئەو رێژەی ١٠٪ی دۆلار دەبەن کە بە شێوەی کاش بۆ
هاوڵاتیان دابین کراوە و فشاریان لەسەر بازاڕ دروستکردووە و ئەوەش نرخی دۆلاری
بەرزکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە
عێراق بە بڕی ٦٠ ملیار دۆلار کەلوپەل لە وڵاتانەوە هاوردەی ناوخۆ دەکات و رێژەی
دۆلاری فرۆشراوی رۆژانە هاوتای رێژەی هاوردە کردن بە دۆلار نییە و عێراق پێویستی
بە دۆلاری بازرگانی زیاترە.
پێشتریش پارێزگاری بانکی
ناوەندی رایگەیاندبوو، بەرزی نرخی دۆلار کاتییە و بەهۆی قەدەغەکردنی مامەڵەی دراوی
دۆلارە لە چەند بازرگانێک.