سەردێڕ:

دوای داخستنی بازاڕ نرخی دۆلار دوو هەزار دینار دابەزی

PM:06:32:27/07/2023

44828 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان بەهای ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەراورد بە سەرەتای کردنەوەی بازاڕ نرخەکەی دوو هەزار و ٥٠٠ دینار دابەزی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی دراوەکانی شاری سلێمانی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا لە کاتی کردنەوەی بازاڕ نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٦ هەزار و ٥٠٠ دینار بوو.

هاوکات ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق زیاتر لە ٢١٠ ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە و لەو بڕەش ٣٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلار بە شێوەی نەختینەی فرۆشراوە.

دوێنێ پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تەنیا لە بازاڕەکانە و کاتییە و بەهۆی قەدەغەی مامەڵەی ئەو دراوەیە لەچەند بازرگانێک و لە هەوڵدان کە هەموو چین و توێژەکان هانبدەن بۆ ئەوەی دۆلار لە سەرچاوەیەکی سەرەکی و یاسایی بکڕن کە ئەویش سەکۆی ئەلیکترۆنی یە.

ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەو ١٤ بانکە هیچ بانکێکی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە سزانەدراوە و ئەوانیش بەدواداچوون بۆ ئەو بانکانە دەکەن کە مامەڵەی دۆلاریان لێقەدەغەکراوە و پرۆسەیەکی گونجاوی بازرگانی لەگەڵ ئێران دادەنرێت و میکانیزیمی ئاڵوگۆڕ و پارەدان کێشە بۆ هیچ لایەنێک دروست نەکات.

لە رێکەوتی ١٩ی تەممووز بەهۆی حەواڵە کردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە سزادراون، ئەمەریکا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقی دا سەپاند، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٨ هەزار دینارەوە بۆ سەرووى ١٥٠ هەزار دینار بەرزبووەوە.













گەلەری