پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تەنها لە بازاڕەکانە و کاتییە و بەهۆی قەدەغەی مامەڵەی ئەو دراوەیە لە چەند بازرگانێک و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی گونجاوی ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێران و پڕۆژەی چاپکردنی ٢٠ هەزار دینارییان پوچەڵکردووەتەوە و دەشڵێت، "پڕۆژەی سڕینەوەی سفرەکانی دینار دانەڕێژراوە."
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، نرخی فەرمی دینار بەرامبەر دۆلار بە جێگیری ماوەتەوە و بەرزنەبووتەوە و تەنها نرخی دراوی دۆلار لە بازاڕەکاندا بەرزە ئەویش کاتییە و بەهۆی قەدەغەبوونی مامەڵەی سەکۆی ئەلکترۆنییە لە چەند بازرگانێک.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند بازرگانێک و توێژەکانی دیکە توانای
بەشداریکردنیان لە سەکۆی ئەلکترۆنی دراوەکان نییە و بۆ ئەنجامدانی چالاکی و
کاروباری نەختینەیی و لە هەوڵدان کە هەموو جێن و توێژەکان هانبدەن بۆ ئەوەی دۆلار
لە سەرچاوەیەکی سەرەکی و یاسایی بکڕن کە ئەویش سەکۆی ئەلکترۆنییە.
ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەو ١٤ بانکە هیچ بانکێکی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە
سزانەدراوە و ئەوانیش بەدواداچوون بۆ ئەو بانکانە دەکەن کە مامەڵەی دۆلاریان لێقەدەغەکراوە
و پرۆسەیەکی گونجاوی بازرگانی لەگەڵ ئێران دادەنرێت و میکانیزیمی ئاڵوگۆڕ و پارەدان
کێشە بۆ هیچ لایەنێک دروست نەکات.
باسی لەوەشکرد، قەبارەی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق ٦٥ ترلیۆن دینارە و ٤٦
ترلیۆنیان دەگەرێتەوە بۆ بانکی ناوەندی و ئەوی دیکەی هی بانکە حکومییەکانە و قەبارەی
قەرزە دەرەکییەکانیش ٢٠ ملیار دۆلارە.
لە بارەی کۆپی ٢٠ هەزار دینارییەوە ئەوەی ئاشکرا کرد، چاپکردنی کۆپی ٢٠
هەزار دینارییان لە کارخستووە، چونکە لە بنەڕەتدا خاوەنی کۆپی ٢٥ هەزار دینارین و
نایەنەوێت کۆپی دراوەکان فراوان بکەن و پڕۆژەی سڕینەوەی سفرەکانی دیناریش هێشتا
دانەرێژراوە.
لە رێکەوتی ١٩ی مانگی تەموز بەهۆی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی
لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادراون، ئەمریکا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقیدا
سەپاند.
دواتر بانکی ناوەندی پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو بانکە سزادراوانە کرد و رایگەیاند،
ئەو بانکانەی بێبەشن لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی ئازادی تەواویان هەیە مامەڵە
بە دیناری عێراقییەوە بکەن و جگە لە دۆلار دەتوانن مامەڵە بە دراوەکانی دیکەشەوە
بکەن.
لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕی دراوەکانی شاری سلێمانی بەرامبەر بە
١٥٦ هەزار و ٥٠٠ دینارە.