سەردێڕ:

ئەو ١٤ بانکەى لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراون روونکردنەوە دەدەن

PM:12:03:26/07/2023

5928 جار خوێندراوەتەوە

ئەو ١٤ بانکەى لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکاوە سزادران، رایانگەیاند، پێویستە سزاکانى سەریان لابدرێت، چونکە ئەوان لە پێوەرەکانى بانکى ناوەندى لایان نەداوە. دەشڵێن "پێویستە وازیان لێبهێنرێت، کارى خۆیان بکەن و دەست بخەنە نێو دەستى یەکترەوە، بۆئەوەى بتوانن شتێکى باش پێشکەشى کۆمەڵگە بکەن".


ئەمڕۆ چوارشەممە، نوێنەرى ئەو ١٤ بانکەى عێراق، کە لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکاوە سزادران، گوایە دۆلاریان رەوانەى ئێران کردووە، کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیان سازکرد و تیایدا داوایان لە بانکى ناوەندى و دەسەڵاتدارانى عێراق کرد، کار بکەن بۆ لابردنى ئەو سزایەى لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەریاندا سەپێنراوە.

هاوکات نوێنەرى ئەو ١٤ بانکە ئەوەشیان روونکردەوە، کە بەهیچ شێوەیەک لە پێوەرەکانى بانکى ناوەندى عێراق لایان نەداوە و ئەوان لەژێر چەترى بانکى ناوەندى کاردەکەن.

هەروەها ئەوەشیان راگەیاند، ئەوان هیچ پەیوەندییەکى سیاسییان بە دۆخى عێراقەوە نیە، ئەوان دامەزراوەیەکى سەربەخۆن، کە بەپێى رێنمایی و راسپاردە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە ١٩ی ئەم مانگە، بەهۆی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو وڵاتانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادراون ئەمەریکا سزای بەسەر ١٤ بانکی عێراقی دا سەپاند، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٨ هەزار دینارەوە بۆ سەرووى ١٥٠ هەزار دینار بەرزبووە.













گەلەری