PM:02:19:22/07/2023
12804 جار خوێندراوەتەوە
زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران چاوەڕێی رەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمن. دەشڵێت" بۆ دابەشکردنی دەرماڵە پێویستیان بە ٧٠٠ ملیۆن دینارە"
ئەمڕۆ شەممە، پێشڕەو حەمەجان، جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت، دەست بەدابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی زۆری بڕی پارەی داواکراوەوە کە زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دینارە وەک ڕێکاری کارگێڕی و ژمێریاری پێویستی بەڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ھەیە بۆ خەرجکردنی، لەلایەن بانکی ناوەندی ھەرێم- لقی سلێمانی.
ئاماژەی
بەوەشکرد، "وەک بەڵێنمان پێدراوە لە پاش گەڕانەوەی رەزامەندی بۆ خەرجکردنی پارەی تەرخانکراو
لە ھەفتەی داھاتوو راستەوخۆ دەرماڵەی مانگێک خەرجدەکرێت، کە٤٠ هەزار بۆ خوێندکارانی
ناوشار و ٦٠ هەزار بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار."
ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم مانگانە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دوادەخات و خوێندکاران باس لەوەدەکەن، هەرجەندە بە هەوڵ و خۆپیشاندان ئەو مافەیان بۆ گەڕێندراوەتەوە بەڵام نە بڕەکەی بەشیان دەکات و نە لەکاتی خۆشیدا پێیان دەدرێت