دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی بەرپرسی گروپێکی چەکداری دەستگیرکرا کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەلایەن دادگاوە داواکراوە.
دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە دوای گەیشتن بە زانیاری ورد و بەدواداچوون تونرا عوکاب حەمەد نەرجس دلی کە بە ئەبو جەمال ناسراوە و یەکێکە لە ئەمیرەکانی چەکدارانی داعش دەستگیربکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە،
لە سەردەمی جەنگی داعش ئەبو جەمال ئەمیری ناوچەی شەرقات و دوورگەی خزڕ و چیای مەخمور
بووە لە پارێزگای سەڵاحەدین و خاوەن پۆستی دادوەری شەرعی ویلایەتی دیجلە بووە، چەندین
فەتوای دەرکردووە کە رێگە بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان دەدات.
ئەوەشخراوەتەڕوو،
ئەو بەرپرسەی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ خاکی سوریا هەڵهاتووە و لە ناوچانە جێگیر بووە
کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بووە و لەم ساڵدا دزەی کردووەتە نێو هەرێمی کوردستان.
باس لەوەشکراوە،
بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆر لە پارێزگای سلێمانی و بە بڕیاری دادگا دەستگیرکرا
و بەپێی یاسا و رێساکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
