سەردێڕ:

دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند

AM:10:57:11/07/2023

15588 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی بڵاوکردەوە و ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێمی بە زیاتر لە شەش ملیۆن خەمڵاند.


ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا پێشبینی کردووە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و ٥٥٦ هەزار و ٧٥٢ کەس بێت.

باسی لەوەشکردووە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم دابەش بووە بەسەر سێ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار و ٢٤٠ کەس لە رەگەزی نێر و سێ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار و ٥١٤ کەس لە رەگەزی مێ و لە ٧٨.٤٪ـی دانیشتوان شارنشین و ٢١.٦٪ـی دانیشتوانیش بە گوندنشین ئەژمارکراون.

دەستەی ئامار ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا رێژەی گەشەی دانیشتوان بە ٢٪ دەخەمڵێندرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، نەبوونی سەرژمێری لە عێراق بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ کەلێنی گەورەی خستووەتە نێو داتاکانی و لەبەر ئەو هۆکارەش دەستەی ئامار رێگای دیکەی گرتووەتەبەر تاکوو بتوانێت داتاکان بۆ وەزارەتەکان دەربخات.

لە لایەکی دیکەوە دەستەکە رایگەیاندووە، بەهۆی شەڕ و بوونی ئاوارەی ناوخۆی لە هەرێم کاریگەری لەسەر دیمۆگرافیایی دانیشتوانی هەرێم هەبووە و بەگوێرەی ئامارەکە لە هەرێم ٦٩٤ هەزار کەس ئاوارەی ناوخۆین کە رێژەکەیان دەگاتە لە ٥٢.٦٪ و بەرزترین ژمارەش لە دهۆکن کە ٣٢٠ هەزار ئاوارەن و هەولێریش بە پلەی دووەم دێت لە ژمارەی ئاوارە و ٢٢٣ هەزار ئاوارە لەو شارە دەژین و بە ١٤٢ هەزار کەسیش سلێمانی لە پلەی سێهەمدا دێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە لە عێراق سەرژمێری بۆ دانیشتوان ئەنجامنەدراوە و ئەو ئامارانەی بڵاو دەکرێنەوە بە شێوەی خەمڵاندنەوە و بەگوێرەی بڵاوکراوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دانیشتوانی عێراق زیاتر لە ٤٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

هاوکات لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤دا سەرژمێری ئەنجام دەدەن و ئاماژەیان بەوەشدابوو کە چاوەڕێی پەسەندکردنی بوودجە دەکەن بۆ ئەوەی سەرژمێری ئەنجامبدەن و دواکەوتنی پڕۆژەیاسایی بودجە کاریگەری نەرێنی لەسەر سەرژمێری دروستکردووەو بووەتە هۆی دواکەوتنی سەرژمێری دانیشتوان.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، پێویستیان بەماوەی ساڵێک هەیە بۆ سەرژمێری دانیشتوان و ٣٥٠ ملیار دیناری تێچووەکەى دەبێت.













گەلەری