سەردێڕ:

لەبارەی کوژرانی بەرپرسێکی باڵا لە سلێمانی ئاسایش و پۆلیس روونکردنەوەیان بڵاوکردەوە

PM:02:21:05/07/2023

48852 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی میتدا بەناو بەرپرسی هەواڵگریی عێراقی پەکەکە "جەلال کایا" لە شاری سلێمانی کوژراوە، ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکیاندا بێ ئاگایی خۆیان لە رووداوەکە راگەیاند.


سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، نزیکەی هەفتەیەک دەبێت هیچ رووداوێکی کوشتن لە ناو شاری سلێمانی رووینەداوە.

هاوکات، رەتیشیکردەوە کوشتنی بەرپرسەکەی پەکەکە لە ناوشاری سلێمانی بووبێت.

لەلایەکی دیکەوە، لەسەر هەواڵی کوژرانی بەرپرسەکەی پەکەکە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، هیچ زانیارییەکى لەو جۆرەیان پێنەگەیشتووە، هیچ رووداوێکی کوشتن لە ناوشاری سلێمانی تۆمار نەکراوە.

لەسەر هەمان بابەت، چاوگێک لە پارتی کرێکاران بە ئێن ئاڕتی وت، هەواڵی کوژرانی "جەلال کایا" بەرپرسی هەواڵگری پەکەکە لە سلێمانی دوورە لە راستییەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری تورکیا ناسراو بە (میت) لەشاری سلێمانی، كه‌سێكیان به‌ناوی "جەلال کایا" بەرپرسی هەواڵگریی عێراقی پەکەکە لە عێراق کوشتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، "جەلال کایا" پلاندارێژەری ئەو هێرشە بووە کە لە ١٧ی ٧ی ٢٠١٩ لە رێستۆرانتی "هۆقەباز" لەشاری هەولێر دیپلۆماتکارێکی تورک بەناوی (عوسمان کۆسە)ی تێدا کوژرا.

ئاژانسی ئەنادۆڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جەلال كایا" سەركردایەتی تۆڕێكی سەربە پارتی كرێكارانی كردووە ‌و بەر لە ئەنجامدانی هەر ئۆپراسیۆنێك دژی سوپای توركیا، زانیارییان كۆكردوەتەوە‌و ماوەیەكی زۆر بووە لە هەرێمی كوردستانە و چالاکی ئەنجامداوە.













گەلەری