سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆ سزاکانی بەکارهێنانی منداڵی بۆ دەرۆزەکردن ئاشکرا کرد

PM:08:35:14/06/2023

2000 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پاراستنی خێزان و منداڵانی عێراق رایگەیاند، هەر کەسێک منداڵێک بێ ماڵ و حاڵ بکات یان فێری لادان لە رەفتاری بکات ئەوا ساڵێک یان کەمتر زیندانی دەکرێت و هەر کەسێکیش منداڵ بۆ دەرۆزەکردن یان بازرگانی ئەندامی جەستە بەکاربهێنێت زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێنرێت.


عەدنان حەمود بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان و منداڵان لە توندوتیژی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەرۆزەکردن بە منداڵ جۆرێکە لە توندوتیژی خێزانی و تێیدا هەندێک لە دایک و باوکان یان سەرپەرشتکاران منداڵەکانیان ناچار دەکەن دەرۆزە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کردەوەیە سەرپەرشتی خێزان دەخاتە ژێر یاسای ژمارە ٧٦ی نەوجەوانان لە ماددەی ٣٠ ساڵی ١٩٨٣ و هەموارەکانی و بەوپێیە هەر کەسێک نەوجەوانێک یان کەسێکی کەم تەمەن فێری لادان لە رەفتار یان بێ ماڵ و حاڵ بکات ئەوا زیندانیی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر کەسێک منداڵ بەکاربهێنێت بۆ لەشفرۆشی و دەرۆزەکردن و بازرگانی ئەندامی جەستە ئەوا ماددەی ٦ی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤی بەسەردا دەسەپێنرێت و زیندانی هەتاهەتایی دەکرێت و بە بڕی ١٥ بۆ ١٥ ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.

لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ لە هەڵمەتێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ناوەندی پارێزگای بەغدا ٥٠ منداڵی دەرۆزەکەر رەوانەی پۆلیس کران و ٣٠ ژ و ١٥ پیاویش کە بە شێوەی خێزانی دەرۆزەیان دەکرد دەستگیرکران.













گەلەری