سەردێڕ:

ئەنجومەنى وەزیران داواکارییەک ئاڕاستەى فراکسیۆنە کوردستانییەکانى بەغدا دەکات

PM:05:13:07/06/2023

6904 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی كاربەڕێکەرى هەرێم، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەک ریزی، بەرگری لە مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.


بەپێی راگەیەنراوی فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێم، لە بارەی کۆبوونەوەکە "لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥.
ئەنجوومەنی وەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێم بە پێی راگەیەنراوەکە، پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دووپات کردەوە، کە ئەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لە سەر بنەمایەکی یاسایی و زانستییانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەر کردنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

داواکاریەکەی ئەنجومەنی وەزیران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانى عێراق لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، ٨ى حوزەیرانى ٢٠٢٣، پەرلەمانى عێراق لەسەر دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بودجە کۆببێتەوە کە قەبارەی ساڵانەى بە بودجەیەکى زەبەلاح لە مێژوى عێراقدا هەژمار دەکرێت، کە زیاترە لە ١٩٩ تریلیۆن دینار، لەو بڕەش زیاتر لە ١٦ تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمی کوردستانە.

کورد، کێشەی لەسەر گۆڕانکارییەکانی مادەی ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە، کە تایبەتن بە پشکی ھەرێم، ئەگەرچی یەکێتى و پارتى دەڵێن رێککەوتنیان لە بارەى لابردنى ئەو بڕگانەى تایبەتن بە گێڕانەوەى پاشەکەوتى موچە و چەند بڕگەیەکى تر، بەڵام نایشارنەوە ئەگەر لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نەبێت، ئامادە نین دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن.

لە بەرامبەریشدا، هەریەک لە سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمانى عێراق، هۆشدارى توند دەدەن لە لابردنى ئەو بڕگانە و جەخت دەکەنەوە، کە دەبێت ئەو بڕگانە وەک خۆى تێپەڕێندرێت، ئەگەر نا هەڵوێستى دیکەیان دەبێت.



د.ف













گەلەری