سەردێڕ:

وەزارەتى پەروەردە: لە کاتی تاقیکردنەوەدا هێڵی ئینتەرنێت رادەگیرێت

PM:07:32:29/05/2023

7772 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، توانی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەربگرێت، بۆ راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت لە کاتژمێر چوار تاكو هەشتی بەیانی لە کاتی تاقیکردنەوەکان دا.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی وەزیری پەروەردە داوایکرد لە کاتی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ناوەندى و دواناوەندیدا هێڵی ئینتەرنێت رابگیرێت، ئەنجومەنی وەزیرانیش بە ئەرێنی وەڵامی داونەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتژمێر چوار تاکو هەشتی بەیانی ئینتەرنێت رادەگیرێت و باسیان لەوەش کرد، لیژنەیەکیان پێکهێناوە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان تاکو بە دواداچوون بۆ هەر هەواڵێک بکرێت کە لەسەر بڵاوبوونەوەی پرسیارەکان پێش دەستپێکی تاقیکردنەوە بڵاودەبێتەوە.

هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتی کارەبا کردووە تاکو کارەبای تەواو بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵانە لە کاتی تاقیکردنەوەی نیشتمانی و پۆلە کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان، هێڵی ئینتەرنێت رادەگیرێت ئەوەش بە مەبەستی دزە نەکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و رێگری کردن لە گزى (غەش).













گەلەری