سەردێڕ:

لە سلێمانی سەرنووسەری ماڵپەڕی سپی میدیا دەستبەسەر کرا

PM:07:14:29/05/2023

5684 جار خوێندراوەتەوە

سەرنووسەری ماڵپەڕی سپی میدیا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵایەکی ئاسایشتی سلێمانی لەبارەی هەواڵێکی ماڵپەڕەکەیان، بۆماوەی چوار کاتژمێر لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەر کراوە.


شوان محەمەد سەرنووسەری ماڵپەڕی سپی میدیا رایگەیاند، "دوێنێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیارییەوە ئاگادارکرامەوە کە داوایەکی یاساییم لەسەرە و دەبێت پەیوەندییان پێوە بکەم".

باسی لەوەشکرد، "دوای چوونم و کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، بۆم ئاشکرا بوو کە ئاسایشی سلێمانی داواکەی لەسەر هەواڵێکی ماڵپەڕەکەمان تۆمار کردووە و بە یاسای پەیوەندییەکان تۆمەتم ئاڕاستە کراوە".

بەپێی وتەی شوان محەمەد، داواکە لەسەر رووداوەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ بووە کە فڕۆکەکانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانی و بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کۆیە و ناوچەکانی تری نزیک هەولێر.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆماوەی چوار کاتژمێر لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی دەستبەسەر کراوە و دەشڵێت، "مامەڵەی پۆلیسی بنکەکە جێگای رێز و سوپاس بووە".

بەپێی وتەی ناوبراوە، دوای چوار کاتژمێرەکە بە دەستەبەری دارایی ٥٠٠ هەزار دینار تا رۆژی دادگاییکردنی ئازاد کراوە.













گەلەری