سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: گەڕاندنەوەی موچە ئەرکی سەرەکی حکومەتە

کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ لینارت نیکۆڵی راوێژکاری کاروباری سیاسی یۆنامی
PM:06:02:29/05/2023

6568 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ راوێژکاری کاروباری سیاسی یۆنامی لە هەرێم کۆبووەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکە باس لەوەکرا، گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچەخۆران ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمە.


کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، لە شارى هەولێر لەگەڵ لینارت نیکۆڵی راوێژکاری کاروباری سیاسی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەو دیدارەدا باسیان لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و چۆنیەتی دیاری کردن و گەڕانەوەی بەشێک لە پاشەکەوتی موچەخۆران و بارودۆخی هاوڵاتیان بەگشتی کردووە.

دەشڵێت، "وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ رامانگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت بە سەرپەرشتی و چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان و نوێنەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی."

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرچوو و دەبوایە بەر لەو وادەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرایە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە رێکەوتی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٢، بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرزێکی دیکەی یاسادانان درێژکرایەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە.

هەروەها، لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٢٢، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، لە دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تۆمار کرد.

لە لایەکی دیکەوە کاوە عەبدولقادر رایگەیاندوە، "لە کۆبونەوەکەدا ئەوەشمان خستەڕوو، گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمە و دەبێت لە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق دەست بکرێت بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە بۆ موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم."

هەفتەی رابردوو لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەک بڕگە لە ماددەکانی ١٣ و ١٤ی ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراق گۆڕانکارییان تێدا کرا، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، بەڵام هەریەک لە یەکێتی و پارتی دژی وەستانەوە.

بە هۆیەوە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی کوردستاندا کە بڕیاربوو رۆژی شەممە، ٢٧ی مانگ بەڕێوەبچێت دواخرا.

شەوی رابردووش، پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی شیعە رێککەوتن، بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە لە رەشنووسی لیژنەی دارایی لاببەن و نەوەى نوێش دەڵێت، "لەسەر گەڕانەوەى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران وازناهێنین تاکو دەگەینە ئەنجام."













گەلەری