سەردێڕ:

یەکێتی و پارتی لەگەڵ لایەنەکانی شیعە ڕێککەوتن بۆ لابردنی بڕگەی پاشەکەوتی مووچە

PM:12:15:29/05/2023

22920 جار خوێندراوەتەوە

شەوی ڕابردوو، پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی شیعە، ڕێککەوتن بڕگەی گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە لە ڕەشنووسی لیژنەی دارایی لا ببەن و نەوەى نوێ دەڵێت، لەسەر گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران وازناهێنین تاکو دەگەینە ئەنجام.


بەپێی زانیارییەکان شەوی ڕابردوو، کۆبوونەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆبوونەتەوە و یەکێتی و پارتیش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە گۆڕانکاری بکرێت لەو ماددانەی کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە و ئەو لە ١٠%ی کە بڕیار بوو وەک قەرەبووی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، لەلایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێوە دەنگی پێویستی بۆ کۆ کرایەوە و لە بودجەدا جێگەی کرایەوە، جارێکی تر لا درا.

بڕیارە ئەمڕۆ جارێکى تر لایەنەکانى پێکهێنەرى حکومەتى عێراق جارێکى تر کۆببنەوە و کۆمەڵێک بڕیارى نوێ لەسەر بودجە بدەن.

 

ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، ئەمشەو لە ماڵی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەرجەم لایەنەکان بە یەکێتیشەوە کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی باسی بودجە بکرێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان یەکێتی و پارتی دا هەیە و بابەتی پاشەکەوت موزایەدەیە و هەندێک لایەن دەیانەوێت درز بخەنە نێو هەرێمی کوردستانەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لابردنی بڕگەی پاشەکەوتی مووچە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، کە خۆی بە خاوەنی جێگیرکردنی بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەزانێت، ڕا گەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە واز ناهێنن لە پاشەکەوتی مووچە تاک و دەیگەیەننە ئەنجام.
هەفتەی ڕابردوو لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەک بڕگە لە ماددەکانی ١٣ و ١٤ی ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراق گۆڕانکاری تێدا کرا، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەریەک لە یەکێتی و پارتی دژی وەستانەوە.













گەلەری