سەردێڕ:

هەوکردنی پەردەی مێشک چییە و نیشانەکانی چین؟

PM:08:16:25/04/2023

35492 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵ رایگەیاندووە، هەوکردنی پەردەی مێشک بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکە پەتک، ئەگەر چارەسەرەکەی دوابکەوێت زیانەکانی بۆ نەخۆشەکە زیاتر دەبێت.


پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی و پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک لە بارەی هۆکارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک نوسیوویەتی، هۆکارەکانی لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاڕاسایت بێت.

سەبارەت بە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی سێ مانگی بریتین لە:

یەکەم: شیرخواردنی کەم دەبێتەوە.

دووەم: ڕشانەوە.

سێیەم: بێزاری و ئیزعاجبوون .

چوارەم: تای بەرز.

پێنجەم: گەشکە.

شەشەم: لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.

حەوتەم: جەستەی نەرم دەبێت واتە بێهێزدەبێت .

هەشتەم: شەکرەی خوێنی دادەبەزێت.

نۆیەم: ئەو بەشەی لە کەلـلە سەردا مەڵاشووی پێدەڵێن بە ئاڕاستەی دەرەوە دەردەچێت و بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەم نیشانانە بێت:

یەکەم: رشانەوە و دڵ تێکهەڵاتن.

دووەم: سەرئێشە.

سێیەم: هەستیاریی بە ڕووناکی زیاد دەکات، واتە بە ڕووناکی بێزار دەبێت.

چوارەم: تای بەرز.

پێنجەم:هۆشی منداڵەکە تێکدەچێت.

شەشەم: بێ تاقەتی و بێزاربوون.

حەوتەم: لەوانەیە توشی گەشکە ببێت.

هەشتەم: ملی ڕەق دەبێت.

ئەو پزیشکە روونیکردووەتەوە، بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت، بەڵام زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگە نادەن ئەو شیکارییە بکرێت کە زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر منداڵەکە چارەسەر وەرنەگرێت رووبەڕووی ئەم گرفتانە دەبێتەوە:

یەکەم: لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.

دووەم: کێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.

سێیەم: کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.

چوارەم: گەشکەی بەردەوام.

پێنجەم: ئیفلیج بوون.

شەشەم: زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم دەبێتەوە.

ئەو پزیشکە ئامۆژگاریی دایکان و باوکان دەکات و پێیان رادەگەیەنێت، لەبەر پێداگرییان ژیانی منداڵەکەیان نەخەنە مەترسییەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەو نەخۆشییە لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانیدا بڵاوبووەتەوە و ئەمڕۆش ئەو پزیشکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە شاری سلێمانی رۆژانە زیاتر لە پێنج حاڵەتی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نێو منداڵاندا تۆمارکراوە و بەپێی بەدواداچوون و پشکنینەکان دەرکەوتووە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە.
وتیشی، 
چارەسەری ئەو نەخۆشییە دەکرێت و ئەو منداڵانەی تووشبوون تەنها دوای دوو رۆژ چارەسەرکراون و مەترسیی نییە و لێکەوتەی کەمە.

باسی لەوەشکرد، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن منداڵەکانیان لە کاتی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە نەخۆشخانەکان بهێڵنەوە نەیاننێرنەوە بۆ خوێندنگە چونکە نەخۆشییەکە بە خێرایی دەگوازرێتەوە.

لە رۆژی ٢١ی ٤ی ٢٠٢٣ ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە نەخۆشییەکی گواستراوە بەناوی "هەوکردنی پەردەی مێشک" بڵاوبووەتەوە و تا ئەوکاتە نزیکەی ٣٠ منداڵ بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون.
هـ.ئـ


 













گەلەری