سەردێڕ:

کەشناسی سلێمانی پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە

AM:09:23:13/04/2023

50536 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ئەمڕۆ لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە ئەگەری بارانبارین هەیە و لە ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا لە سلێمانی ٩٠.٣ ملیم باران باریوە.


ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە سلێمانی ٩٠.٣ ملیم باران باریوە و بەوەش رێژەی بارانبارین بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە ٦٩٩ ملیم، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتانە ٣٧٨ ملیم باران باریبوو.

لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەواشەوە ئەوەی خستەڕوو، بۆ ئەمڕۆ ئەگەری بارانبارین هەیە لە دوا نیوەڕۆ بەدواوە لە کات و شوێنی جیادا.

وتیشی، خێرایی با چالاک دەبێت بە ئاڕاستەی باشور و باشوری رۆژئاوا و پلەکانی گەرما لە نزمیدا دەمێننەوە.

دەشڵێت، سبەینێ ئەگەری هەور و باران و نمە باران هەیە تاوەکو سبەی ئێوارە و لە هەندێک ناوچەدا باران بە شێوەی لێزمە دەبێت، بەڵام هاوشێوەی شەپۆلەکەی شەوی رابردوو نابێت و بڕەکەی کەمتر دەبێت.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن و کەش سەقامگیر دەبێتەوە.
گۆران لوقمان، سلێمانی

 

 













گەلەری