سەردێڕ:

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق: ئاستی بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆیی بەرزدەکەینەوە

PM:11:54:26/03/2023

1664 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرمان رایگەیاند، پلانیان داڕشتووە تاوەکو ٥٠٪ی هاوردەی دەرمانی دەرەکی کەمبکنەوە و لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆیی شوێنی بگرنەوە.


حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرمان بە ئاژاسنی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پڕۆژەی خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان لە سەرەتای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستیپێکردووە و وتیشی، "دامەزراندنی کارگەی دەرمانسازی لە عێراق خواستێکی زۆری وەبەرهێنەرانی لەسەرە."

ئاماژەی بەوەشدا، لە عێراقدا ٢٤ کارگەی دەرمانی ناحکومی و کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا و کۆمپانیای عەرەبی هاوبەش هەڵدەستن بە دروستکردنی دژەزیندەییەکان، سەرجەم ئەو لایەنانە پلانی پەرەپێدانی بەرنامەی کارکردنیان و پلانی هێڵی بەرهەمهێنانیان داناوە و جگە لەوەش ٢٤ کارگەی دیکەی دەرمان دروست دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی دەیان ساڵە کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا بە کوالێتییەکی بەرز کاردەکات، بەڵام دەرمانی کۆمپانیای سامەڕا و کارگە نیشتیمانییەکان رکابەریی دەرمانی هاوردەیان نەکردووە.

باسی لەوەشکردووە، هەندێک لەو دەرمانانەی هاوردە دەکرێن لە کۆمپانیای ناسەقامگیر و کوالێتی خراپ و هەرزان هاوردە دەکرێن و ئەمەش هۆکاری نقومبوونی بازاڕ و پێشنەکەوتنی پیشەسازی دەرمانە لە ماوەی رابردوودا.

ئەوەشی ئاشکراکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هاوردەکردنی دەرمان ساڵەنە پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە و لە ئێستادا عێراق ١٠٪ی دەرمانی پێویستی خۆی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت و بە جێبەجێکردنی پلانی خۆجێیکردن، ئاستی بەرهەمهێنانی دەرمان لە ماوەی ساڵێکدا بە رێژەی ١٠٪ بۆ ٢٠٪ بەرز دەبێتەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا دەگاتە ٤٠٪ و بە بەردەوامبوونی ئەم بەرنامانە دەگاتە ٥٠٪.

وتیشی، "گەورە کردنی بەرهەمهێنانی دەرمان پارەیەکی زۆر پەیدا دەکات و هەلی کار بۆ هەزارەها کەس دابین دەکات."













گەلەری