سەردێڕ:

سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: ئەو بڕە بارانەی تا ئێستا باریوە بەشی ئاودانی دانەوێڵە دەکات

PM:10:50:26/03/2023

2008 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، ئەو بارانەی لەم دواییەدا باری کاریگەری هەبووە لەسەر ئاستی ئاوی هەڵگیراو و بۆ هاوینیش دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان. دەشڵێت، "ئەو بارانەی تا ئێستا باریوە ئاودێری دانەوێڵەی دابینکردووە".


عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەو بڕە بارانەی لەم دواییەدا باریوە سودێکی زۆری هەیە و زیاتر بەشی رۆژهەڵاتی رووباری دیجلەی گرتووەتەوە کە لە هەرێمەوە تا بەسرە و میسان درێژ دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕە بارانەی لەم کۆتاییەدا باریوە ئاودێری دانەوێڵەی گەنم و جۆی دابینکردووە کە پێشتر مەترسی لەسەربوو.

دەشڵێت، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بەردانەوەی بەنداوەکانی کەمکردووەتەوە بەتایبەتی لە بەنداوی موسڵ بەهۆی ئەوەی بڕی پێویست دابینکراوە بە مەبەستی ئاودێری، کە لە هەردوو زێی گەورە و بچوکەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ی ٣ی ٢٠٢٣ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، تورکیا و عێراق رێککەوتن لەسەر بنیادنانی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کە بریتییە لە هێڵێکی ئاسنین لە نێوان هەردوو وڵات بۆ پەرپێدانی بازرگانی.

هەروەها، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا رایگەیاند، ئاگادارن لە کەمبوونەوەی ئاوی عێراق و بەهەمان شێوە رێژەی باران بارینیش لە تورکیا کەمیکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریان داوە بۆ ماوەی مانگێک رێژەی ئاوی رووباری دیجلە بۆ عێراق زیاد بکەن.

کـ - ئـ













گەلەری