سەردێڕ:

هەفتەی داهاتوو تیمی یەکێتی دەگەڕێنەوە ئەنجومەنی وەزیران

PM:09:33:26/03/2023

3284 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاند، تیمی وەزیرانی یەکێتی لە هەفتەی داهاتووەوە دەگەڕێنەوە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.


جەعفەر ئیمینکی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، داهاتووی هەرێم بە دەستی خەڵكی هەرێمە و لە ئێستادا ئاڵنگاری زۆر هەن و لەوانەیە ئەم بڕیارەی دادگای پاریسیش ئاڵنگارییەکی دیکە بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی دادگای پاریس دەرگای دانوستان بە رووی هەریەکە لە هەرێم و بەغدا دەکاتەوە و چاودێری داهاتی نەوتی هەرێم لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سومۆ دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە رێککەوتنی ئەمجارەدا ئەگەر پشکی هەرێم دیاریبکرێت، ئەوا هەرێم لەگەڵ بەغدا کێشەی نابێت و لە ماوەی رابردوو عێراق نکۆڵی لە هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و گاز کرد بۆیە هەرێمی کوردستان نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشت.

جەعفەر ئیمینکی وتیشی، "ناتوانن بڵێن کە یەکێتی و پارتی حوکمڕانییەکی باشیان کردووە یاخود حوکمڕانییەکی خراپ بەڵام هەموو هەوڵی خۆیان داوە."

باسی لەوەشکرد، رەخنەکانی ئەمریکاش بە هەند وەردەگرن و دووپاتی دەکەنەوە کە دیموکراسیەت و حوکمڕانی هەرێم کێشەی هەیە، بەڵام نابێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بوترێت کارتۆنی و دەشڵێت، "ئەوەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵێت کارتۆنی ئەوا کێشەی مۆڕاڵی هەیە."

ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێتیش ئیرادەی ئەرێنی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و زۆربەی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر کردووە و لە هەفتەی داهاتوو تیمی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت.

روونیشیکردەوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم هاوڕان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا و ئەگەر نەکرێت زیانێکی زۆر بەر هەرێم دەکەوێت

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، ئاستی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ بەغدا و حکومەتی محەمەد شیاع سودانی باشە و ئەم ڕێککەوتن و هەماهەنگییەی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام دەبێت.

ئـ.عـ













گەلەری