سەردێڕ:

پوتین لەبارەی هاوپەیمانی سەربازی لەگەڵ چیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

PM:07:34:26/03/2023

2508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، لەگەڵ چیندا هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی دروست ناکەن، بەڵام هەماهەنگییەکانیان لە بواری سەربازیی و تەکنیکییدا پێش خستوون.


ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "Rossiya-24' لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و چینەوە رایگەیاند، لەگەڵ چیندا هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی دروست ناکەن، بەڵام هەماهەنگییەکانیان لە بواری سەربازیی و تەکنیکییدا پێش خستوون. ئەمەیشیان نەشاردووەتەوە و شتێکی نهێنی نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، جگە لە پێشخستنی هەماهەنگی سەربازیی هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجام داوە.

دەشڵێت، ئەو مانۆڕانە لەگەڵ وڵاتانی دیکەیشدا ئەنجام دراون، نەک تەنها لەگەڵ چین. وێڕای رووداوەکانی دۆنباس، زاپۆریژییا و خێرسۆن بەردەوامن. هەمووی روونە، بەڵام ئەمە هاوپەیمانییەتییەکی سەربازیی نییە.

سەرۆکی روسیا باسی لەوەشکرد، تا دێت ئەمریکا هاوپەیمانییەتییەکانی لە رووی سەربازییەوە زیاتر دەکات، پلاندانان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا-پاسیفیک لە ستراتیجییەتی نوێی ناتۆدایە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٢١ی ٣ی ٢٠٢٣ شی جین پینگ سەرۆکی چین بە فەرمی سەردانی روسیای کرد بە ئامانجی پتەوکردنی هەماهەنگی ستراتیژی لەگەڵ روسیا و سەرۆکایەتی هەردوو وڵات پێداچوونەوە بەسەر پێشنیازە ١٢ بڕگەییەکەی چین دەکەن بۆ کۆتایی هێنانی جەنگی ئۆکرانیا.

دوابەدوای ئەوەش لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ روسیا، شی جین پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا و پێشەنگی سەرجەم پەیوەندییەکانی دەداتە ئەو وڵاتە.

وتیشی، "هەردوولامان دوو وڵاتی گەورە و هاوبەشی ستراتیجین."

کـ - ئـ













گەلەری