سەردێڕ:

میدڵ ئیست ئای: دەبێت تورکیا یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بداتە عێراق

PM:01:55:26/03/2023

4216 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارەکەی دادگای پاریس کاردانەوەی لێکەوتەوە و میدیا جیهانییەکان بە گرنگیەوە باسی دەکەن، ماڵپەری میدڵ ئیست ئای دەڵێت، بەهۆی بڕیارەکەوە تورکیا یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دەدات بە عێراق.


ماڵپەرەکە باسی لەوەشکردوە، عێراق داوای ٣٣ ملیار دۆلاری لە تورکیا کردبوو، بەڵام ئێستا تورکیا ئامادەیە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بداتە عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بڕیارەکەوە لە رۆژی دوێنێ شەممەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە کە بەپێی ئامارێک، لە مانگی یەکدا رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن نەوتی لێوە هاناردە کردوە، کە دەکاتە نزیکەی لە ١٪ـی نەوتی جیهان.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سکاڵاکەی دادگای پاریسیان لەسەر دۆسیەی نایاسایی بوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بردوەتەوە. تورکیاش دەڵێت، "رێز لە بڕیارەکەی دادگای پاریس دەگرین."

ئەوەش هاتووە، لە پاش بڕیارەکەی دادگای پاریس بەپێی پابەندبوونەکانی کۆمپانیای سومۆ لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا بە دوای میکانیزمی نوێدا دەگەڕێت بۆ هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە لە پێناو هەناردەکردنی بڕی دیاریکراوی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتەوە بۆ پاراستنی داهاتەکان و تەواوکردنی بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی رۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی رابردوو، دادگای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنی خۆی لەبارەی دۆسییەی ٥٩ی فیدڕاڵی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی سازکرد.

دواتر رایگەیاند، یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نادەستورییە.













گەلەری