وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ٥٠٠ ملیار دینار بۆ پێدانی پارەی جوتیاران لەم وەرزەدا تەرخانکراوە و چەندین کۆگای تایبەت ئامادەکراون تاوەکو گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.
حەیدەر نوری بەرێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لەبارەی رێکارەکانی دابەشکردنی شایستە داراییەکانەوە وتی، پارەکە بەپێی کاتی وەرگرتنی بەرهەمەکان دابەشدەکرێت و هەر جوتیارێک زووتر بەرهەمەکەی رادەستبکات زووتر شایستە داراییەکانی وەردەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی سێ مانگە بەرێوەبەرایەتییەکەیان دەستی بە دروستکردنی
چەندین کۆگا لە پارێزگاکان و بە تایبەتی لە هەردوو پارێزگای موسەننا و کەرکوک
کردووە بۆ وەرگرتنی دانەوێلە و گەنم و جۆی جوتیاران.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی بازرگانی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا پلانێکی
کشتوکاڵی ئامادەکردووە و دوای وەرگرتنی بۆچوونی سەرجەم پارێزگاکان پەسەند کرا کە تێیدا
باس لەوەکراوە وەرزی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوودا دەسپێدەکات و هەر لەو مانگەشدا شایستە داراییەکانی جوتیاران دابەشدەکرێت.
دەشڵیت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بازرگانی گرنگییەکی
تەواو دەدەن بە دەستەبەرکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ جوتیاران و سودانی جوتیاران بە هێڵی
سور ناودەبات.