سەردێڕ:

وڵاتێکی ناتۆ: ئەگەر پوتین سەردانی وڵاتەکەمان بکات دەستگیری ناکەین

AM:09:30:24/03/2023

11488 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی حکومی هەنگاریا رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی روسیا لە وڵاتەکەی جێبەجێ ناکرێت، چونکە ئەو بڕیارە هاوتا نییە لەگەڵ بنەماکانی دەستووری هەنگاریا. دەشڵێت، "بڕیاری دەستگیکردنی سەرۆکی روسیا سوودی نییە."


جێرجیڵی گۆلیاس سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەنگاریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دەستگیرکردنی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا هاوتای یاساکانی هەنگاریا نییە، چونکە ئەو وڵاتە پەیڕەوی سەرەکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نەخستووەتە سیستەمی یاسایی خۆیەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، یاسای سەرەکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە هەنگاریاش ئەندامێکیەتی هاوتای دەستووری ئەو وڵاتە نییە و دەستگیرکردنی پوتین پێشێلکاری دەستووری هەنگاریا دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، نوسراوی دەستگیرکردنی ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیا کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە ئامادەکراوە سوودی نییە و ئەو جۆرە بڕیارانەش باش نین، چونکە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی دۆخەکان نەک هێوربوونەوەی.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە هۆڵەندایە لە هەفتەی رابردوو نوسراوی دەستگیرکردنی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیای ئامادەکرد و بە تاوانی نێودەوڵەتی تۆمەتباریکرد.



ئـ - ع













گەلەری