سەردێڕ:

ئەمریکا: پاڵپشتی ئاگربەست لە ئۆکرانیا ناکەین

PM:05:24:22/03/2023

3704 جار خوێندراوەتەوە

رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیاری بەرپاکردنی ئاشتی بدات ئەمریکاش پاڵپشتی دەکات بەڵام لە ئێستادا پشتیوانی لە ئاگربەستێک ناکەن کە تێیدا ئۆکرانیا زیانی بەربکەوێت.


جۆن کیربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئەمریکا لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە مۆسکۆ ئومێدی ئەوەی نەداوە بە ئەمریکا کە جەنگی ئۆکرانیا بەم زوانە کۆتایپێدێت.

ئەوەشی خستەڕوو، روسیا و چین بە پێویستی دەزانن پابەندیی هەبێت بە ئامانج و بنەماکانی مەرجی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێز لە یاسای نێودەوڵەتیی بگیرێت و ئەمریکاش رێز لەو ویستەیان دەگرێت.

باسی لەوەشکرد، بەپێی ماددەکانی پەیوەست بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە روسیا لە خاکی ئۆکرانیا بکشێتەوە کە یەکێکە لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەگەر چین دەیەوێت رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت لە ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکرانیادا پێویستە فشار لە روسیا بکات لە ئۆکرانیا بکشێتەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و روسیاشەوە جۆن کێربی رایگەیاند، ئێران ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوە بە روسیا و تاوەکو دێت پەیوەندییەکانی بواری بەرگریی نێوان هەردوو وڵات روو لە زیاد بوون دەکات و ئەوەش بۆ ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش مەترسییدارە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت پێشتر چین پێشنیازێکی ئاشتی دایە روسیا و ئۆکرانیا و داوای لێکردن کۆتایی بە جەنگ بهێنن و ئۆکرانیاش رایگەیاند، خۆیان دەتوانن پێشنیازی ئاشتی بۆ وڵاتەکەیان ئامادە بکەن.

لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ سوپای روسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکو ئێستاش جەنگ بەردەوامە و لە سەرەتای جەنگەکەش چین رەتی کردەوە هێرشەکانی روسیا بە داگیرکاری ناوببات و ئەمریکاش پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و سزای ئابووری توندی بەسەر روسیادا سەپاند.













گەلەری