وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، دۆسیەی چوار هەزار و ١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە و لێیان وەردەگیرێتەوە. ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێکی هاوڵاتیان و چالاکوانانی لێکەوتووەتەوە و دەپرسن، چەند ساڵە حکومەت بۆ نەیتوانیوە رێگربێت لە هەبوونی موچەی نایاسایی؟
لە راگەیاندراوێکی وەزارەتی داراییدا هاتووە، بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان، کە ژمارەیان ١٠ هەزار و ٨١٩ موچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون. دوای تەواوکردنی رێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوەکانیان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند دەرکەوت، چوار هەزار و ١٨٩ دۆسیەیان بەنایاسایی دوو موچەیان هەبووە.
لیستەکە بەم
جۆرە بووە:
١-١٩٧٣ کەس بەنایاسایی دوو موچەی خانەنشینیان
وەرگرتووە.
٢-١٨٤٩ کەس بەنایاسایی دوو موچەی فەرمانبەری و
خانەشینیان وەرگرتووە.
٣-٣٦٧ کەس بەنایاسایی دوو موچەی فەرمانبەریان
وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دۆسیەی سەرجەم ئەو موچەخۆرە نایاساییانە بە داتا و زانیاری
تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە رێگای دەستەکانیانەوە
وردبینی لە رێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە موچانە بکەن کە لە دوای رێکەوتی
١ی تەمموزی ٢٠٢٠ بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بە زووترین کات لێیان وەربگیرێتەوە
و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی."
ئەوەش
ناڕەزایەتی بەشێکی چالاکوانان و چاودێران و هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و باس
لەوەدەکەن، کە بۆچی حکومەت هێشتا نەیتوانیوە دوو موچەیی و هەبوونی موچەی نایاسایی
کۆتایی پێبهێنێت. هەندێکیشیان گلەیی ئەوە دەکەن، ئاخۆ ئەو کەسانە لە چ رێگایەکەوە
دوو موچەیان بۆ بەستراوە.
هـ.ئـ