سەردێڕ:

هاتوچۆی سلێمانی: ئەم دوو شەقامە سەرەکییە بەربەست دەکەین

PM:06:12:19/03/2023

15008 جار خوێندراوەتەوە

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی چالاکییەکانی نەورۆزەوە چەند شەقامێک بەربەست دەکات.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هاوڵاتییان و شۆفێرانی شاری سلێمانی ئاگادار دەکەنەوە، سبەینێ دووشەممە کاتژمێر٩ی بەیانی، رێکەوتی ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣، دوو شەقامی شاری سلێمانی بەربەست دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بەربەستکردنی شەقامەکان بەهۆی چالاکییەکانی سلێمانی و ئەنجامدانی ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی دەبێت لە شەقامی مەلیک محمود و شەقامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت، کە خاڵی دەستپێک لە بەردەم نەخۆشخانەی هەرێم دەبێت تا خاڵی کۆتایی کە دەکاتە ناو پارکی هەواری شار.

دەشڵێت، دوابەدوای تەواو بوونی ماراسۆنەکە شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. داوا لە شۆفێران دەکەن لەو کاتانەدا ئەو شەقامە بەکارنەهێنن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەهۆی چالاکییەکانی نەورۆزەوە شەقامی سالم لە بەردەم باخی گشتی بۆ پردی خەسرەو خاڵ لەکاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣ بەربەست دەکرێت و تا کۆتایی هاتنی ئاهەنگ و فیستیڤاڵی نەورۆز لەو رۆژەدا ئەو شەقامە ناکرێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ رۆژی دواتر دووبارە شەقامەکە بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە. واتە لەو کاتەی شەقامەکە بەربەست دەکرێت تەنها بۆ پیادەڕەو کراوە دەبێت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی هاتوچۆی سلێمانیدا هاتووە، سەبارەت بە سەیرانگای دوکان لە رێکەوتی ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣ لە کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر قەدەغەیە بچێتە ناو سنووری سەیرانگای دوکانەوە.

دوو سبەی ٢١ی ئازار، یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەستپێدەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی ساڵنامەی کوردی "کە دەکاتە ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی". لە ساڵنامەی کوردیدا یەکەم مانگ بە جەژنی نەورۆز دەستپێدەکات و ناوی خاکەلێوەیە، لە یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆزدا هاوڵاتیان ئاهەنگ دەگێڕن و ماوەی چەند ساڵێکیشە، لە هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان لە رۆژی ٢٠ی مانگدا ئاهەنگ دەگێڕن لەناو شارەکاندا و لە رۆژی ٢١ی مانگدا بۆ گەشت و سەیران روو لە دەشت و دەر و سەیرانگاکان دەکەن.

کـ - ئـ













گەلەری