سەردێڕ:

بەرپرسێکی باڵای ئێران گەیشتە بەغدا و ناوەڕۆکی سەردانەکەشی ئاشکرا کرا

PM:10:44:18/03/2023

11432 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران گەیشتە عێراق و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە کۆدەبێتەوە و لەبارەی ئاسایشی سنوور گفتوگۆدەکەن و بەشداریش لە کۆنگرەی گفتۆگۆی نێودەوڵەتی بەغدا دەکات. هاوکات، سەردانی هەرێمیش دەکات.


چاوگێک لە حکومەتی عێراقی رایگەیاند، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران ئەمڕۆ شەممە گەیشتە بەغدا بۆ واژووکردنی یاداشتنامەی ئاسایشی سنوور.

ئاماژەی بەوەشدا، عەلی شەمخانی بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان کۆدەبێتەوە.

چاوگەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی سنوور دەکرێت و هەمان ئەو گفتگۆیانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم باسدەکرێت، ئامانج لەمانەش پاراستن و پتەوکردنی ئاسایشی سنوورە.

پێشتر ئێران سەرجەم کاربەدەستانی عێراقی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ کارێک بەپێی پێویست ناکەن بۆ پاراستنی سنوور، ئەمەش حکومەتی بەغدای هاندا بۆ ئەنجامدانی چەند پەرەپێدانێک بۆ پاراستنی سنووری نێوان هەرێم و ئێران.

جگە لە کۆبوونەوەکان، سبەینێ یەکشممە پێنجەمین کۆنگرەی بەغدای نێودەوڵەتی کە لەلایەن پەیمانگای عێراقی بۆ گفتگۆ رێکخراوە بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

هاوکات، هەریەکە لە تەحنون بن زاید راوێژکاری ئەمنی نیشتیمانی ئیماڕاتی و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە پێنجەمین کۆنگرەی بەغدا ئامادەدەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاسایشی سنوور یەکێکە لەو پرسانەی کە ئێران زۆترین پێداگری لەسەر دەکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر بۆردومانی کردووە بە وتەی خۆی "رێکخراوی ئۆپۆزسیۆنی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ناوچانەی هەرێم جێگیر بوون."

لە بەرامبەردا عێراق و هەرێم بۆردومانەکانی ئێرانیان بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەری عێراق هەژمارکرد، بەڵام بە بیروبۆچوونی ئێران ئەو بۆردومانانە گرنگن.

لە ماوەی رابردوودا، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی ئیماڕاتی کرد و باسیان لە دەستپێکی نوێی پەیوەندی سیاسی و ئەمنی و ئابووری نێوان هەردوولا کرد.

پێشتریش لە پەکینی پایتەختی چین لەگەڵ محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودیە و بە چاودێری وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان راگەیاند.


ئـ - ع 












گەلەری